زۆرترین خورمای هاوردەکراوی هەرێمی کوردستان لە عێراقە

لە هەرێمی کورستان خواستیکی زۆر لەسەر خورمای عێراقی هەیە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانیش خواستەکە دووهێندە زیاد دەبێت. 

چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر خورما زۆرە و بڕێکی زۆری لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبییەوە هاوردە دەکرێت، زۆرترین خورمای هاوردەکراویش لە عێراقەوە دەهێنرێت.

گوتیشی: خورمای عێراق کواڵیتی باشە و نرخەکەشی گونجاوە، لە دوای عێراقیش بڕێکی زۆری خورما لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بێبەش نین، لە بەرهەمی خورمای سعوودی، فەڵەستین، ئوردن و ئیمارات.

شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ، ئاماژەی بەوەشکرد: بەدروستی نازانین، ساڵانە چەند تۆن خورما هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، دووهێندە خواست لەسەری زیاد دەکات.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چەندین جۆری خورما دەفرۆشرێت، لە دیارترینیان: برێم و رووتابی عێراقی و خورمای مریەمی ئێرانی، عەجوەی سعوودی و خورمای فەڵەستینییە.