وەزیری پەروەردە لەبارەی دیاریکردنی کاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 بڕیاریدا

.

K24- هەولێر:

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی  هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 11/07/20202 تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەسیپێدەکات و 08/08/2020 کۆتییان دێت.

راشیگەیاند، دەبێت قوتابخانەکان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان ببن، دۆخی کۆرۆناش هەرچۆنێک بێت، تاقیکردنەوەکان هەر ئەنجام دەدرێن.

ئاشکرایکرد، ئەمساڵ زیاتر لە 144 هەزار قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن و لە هەفتەیەک دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت.

روونیشیکردەوە، دەبێت هەموو قوتابیان ماسک بپۆشن، بەڵام دەستکێش ئارەزوومەندانە دەبێت. بۆ ئەوەش ماسک بۆ قوتابیان دابینکراوە. هەروەها هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە کە ئاڵوگۆڕی کاغەز و پێنووس و پێداویستییەکانی دیکە لە نێوان قوتابیان نەکرێت.

دووپاتیکردەوە، ئامانجمان لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، داهاتووی قوتابیانە و هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەوەش کراوە.

لەبارەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی داهاتووش، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، چاوەڕوانی رەوشی کۆرۆنا دەکەین و لە کاتی پێویست، بڕیار لەسەر چۆنیەتیی دەستپێکردنەوەی دەوام بۆ ساڵی داهاتوو دەدەین.