ئاسۆ رۆستەم بۆ یەكەمجار خەڵاتە تایبەتەكەی كوردستان24ـی بەدەستهێنا
بووە دووەمین یاریزانی یانەی نەورۆز ئەم خەڵاتە بباتەوە

ئاسۆ رۆستەم هێرشبەری یانەی نەورۆز بۆ یەكەمجار لەم وەرزە خەڵاتە تایبەتەكەی كوردستان24ـی بۆ باشترین یاریزانی هەفتەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بردەوە، ئەمەش دووەمین خەڵاتی یانەی نەورۆز بوو لەم وەرزە.
كوردستان24 هەفتانە باشترین یاریزانی یانە كوردستانییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەستنیشان دەكات، خەڵاتەكە هەموو ئەو یاریزانە كوردانەش دەگرێتەوە كە لە یانەكانی خوار و ناوەراستی عێراق یاریی دەكەن.
ئاسۆ رۆستەم دوای ئەوەی توانی تیپەكەی بە 10 یاریزان لە شكست رزگار بكات و گۆڵی بەرامبەربوونی لە دژی یانەی زەورا تۆمار كرد، ئاسۆ لەنێو یانە كوردستانییەكان دیارترین یاریزانی گەڕی 20ـەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق بوو كە رۆڵێكی كاریگەری بینی و ناوی لە باشترین پێكهاتەی هەفتەش دا هەبوو، بەمەش بۆ یەكەمجار توانی خەڵاتی ئەستێرەی هەفتەی كوردستان24 بباتەوە.
لە دوای دەستبەكاربوون قەحتان جەسیر وەكو راهێنەری نوێی یانەی نەورۆز، ئاسۆ رۆستەم تا دێت ئاستی بەرەو لوتكە دەچێت، بە جۆرێك لەم كۆتاییانە توانیویەتی 4 گۆڵ و 2 ئاسیست بكات.




