هەفتەیەكی مێژوویی بۆ یانە كوردستانییەكان
زاخۆ شوێنی خۆی لە لوتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق قایمتر كرد
یانە كوردستانییەكان هەفتەیەكی مێژووییان لە خولی ئەستێرەكانی عێراق تێپەڕ كرد و گۆڵبارانی یانەكانی خوار و ناوەراستی عێراقیان كرد.
لە گەڕی 21ـەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەكانی نەورۆز و هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان سەركەوتنیان تۆمار كرد، یانەی زاخۆش لەبەردەم زیاتر لە 25 هەزار هاندەری شكستی بە یانەی تەڵەبەی بەغدا هێنا.
یانەی نەورۆز لەنێو جەرگەی بەغدا و لەنێو یاریگەی مەدینە بووە میوانی یانەی دیالە، لەنیوەی یەكەم لە هەڵەیەكی گۆڵپارێزی یانەی دیالە، گاسۆچ پانۆم یاریزانی پیشەگەری نەورۆز گۆڵی یەكەمی یارییەكەی تۆمار كرد.
دواتر ئەحمەد مەحموود لە خولەكی 30 ئەنجامەكەی لەسەر دیالە قورستر كرد و گۆڵی دووەمی نەورۆزی تۆمار كرد، پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، مەروان حوسێن لە خولەكی 44 گۆڵی سێیەمی نەورۆزی تۆمار كرد.
لە دەستپێكی نیوەی دووەم، دیالە لە رێگەی ئەیمەن سەفاخی گۆڵی یەكەمی یانەكەی تۆمار كرد، بەڵام لە خولەكی 69 مەڕوان حوسێن بە تەواوەتی دیالەی بێهیوا كرد و گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی نەورۆزی تۆمار كرد، بەمەش نەورۆز هەشتەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 30 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی بۆ خانەی دەیەم سەركەوت، لە بەرامبەردا یانەی دیالە تووشی سێزدەیەمین شكست بوو.
لە یارییەكی دیكەیشدا، یانەی زاخۆ لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی یانەی تەڵەبەی كرد، زاخۆی دەلال یارییەكەی بە 2 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك بردەوە، گۆڵەكانی زاخۆ لە لایەن ئەمجەد عەتوان و گۆستاڤۆ هێنریك تۆمار كران، زاخۆ بووە یەكەمین یانە لەم وەرزە 12 سەركەوتن تۆمار بكات و بە كۆكردنەوەی 42 خاڵ شوێنی خۆی لە لوتكەی خولەكە قایمتر كرد، لە بەرامبەردا تەڵەبە بەشێوەیەكی كاتی لە خانەی پێنجەم مایەوە.
لە یارییەكی دیكەیشدا، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی نەجەف، كوڕانی قەڵاومنارە یارییەكەیان بە ئەنجامی (2 ـ 1) بردەوە، هەردوو گۆڵەكەی هەولێر لە لایەن یوسف بن سۆدەی هێرشبەری توونسی تۆمار كرا، بەمەش هەولێر نۆیەمین سەركەوتنی تۆمار كرد و لە خانەی نۆیەمیش جێگیر بوو.
یانەی دهۆك بەهۆی بەشداریكردنی لە جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی لەم گەڕەی خولی ئەستێرەكانی عێراق یاریی نەكرد، لە بەرامبەردا لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی رووبەڕووی یانەی زەفاری عومانی بووەوە و یارییەكەش بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.