ناوی مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕایەوە

بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ناوی هەزاران مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەی پارێزگای هەولێر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕایەوە.

شەممە، 22ـی شوباتی 2025، سەربەست مەولوود، ئەندامی لێژنەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران و بەرپرسی هۆبەی یاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 25 هەزار و 946 مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە، کە دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕایەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، شوێنی وەرگرتنی زەوییەکان، دەکەوێتە سەر ڕێگەی گەزنە-دهۆک، نزیک گوندی ئاشۆکانی سەر بە ناحیەی بەحرکە.

پێنجشەممە 20ـی شوباتی 2025، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گەشتوگوزاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا، گوتی: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە و نەوەستاوە.

گوتیشی: له ‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ناوی هه‌موو ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ش ده‌رده‌چێت، كه‌ ئه‌و مافه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، هەروەها ڕێگە نادەین هیچ کێشەیەک ببێتە بەربەست لە بەردەم ڕاگرتنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی.

لەبارەی شوێنی زەوییەکانیش، ساسان عه‌ونی، ڕوونی کردەوە، شوێنی زەوییەکانی فەرمانبەران زۆر باشە و هیوادارم کەسیان هەرزانفرۆشی نەکەن.

ساڵی ڕابردوو دابەشکردنی زەوی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکرد و لە قۆناغی یەکەم دا نزیکەی 10هەزار فەرمانبەر، سوودمەندبوون

 
Fly Erbil Advertisment