حەماس داوای ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکان لە ئیسرائیل دەکات

دوای ئەوەی ئیسرائیل ئازادکردنی زیاتر لە 600 زیندانی فەڵەستینی وەکو کاردانەوەیەک بە ڕێوشوێنی ناشایستەی بارمتەکان، هەڵپەسارد، حەماس ئیدانەی بڕیارەکەی کرد.

عیزەت ڕشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە "ئەم بڕیارە جارێکی دیکە خۆدزینەوەکانی لایەنی ئیسرائیلی لە ئەرکەکانی ئاشکرا دەکات".

هەروەها داوای لە ناوبژیوانان کرد فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی.

جگە لەوەش، حەماس ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەڵێت "مەراسیمی ڕادەستکردنی نا شایستە" و ئەوەی بە بانگەشەیەکی لاواز و بیانوو بە ئامانجی خۆدزینەوە لە پابەندبوونەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست زانی.

هەروەها پێی وایە سووکایەتیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە فەڵەستینییەکان لە کاتی پرۆسەی ئازادکردندا بەرکەوتەی دەبن، لە ئەشکەنجەدان و لێدان و مامەڵەی خراپ بە ئەنقەست تا دوا ساتەکان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، مەراسیمی ڕادەستکردنی دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل هیچ سووکایەتییەک لەخۆ ناگرێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی مامەڵەی مرۆڤانەیە لەگەڵیان، بەپێی دەربڕینی خۆی.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئازادکردنی فەڵەستینییەکان بە هۆی "پێشێلکارییە دووبارەکانی مامەڵەی ناشیستە لەلایەن حەماسەوە" دوا خراوە.

ئیسرائیل، پێشتر ڕێوشوێنی هاوشێوەی بەسەر فەڵەستینییەکاندا سەپاندبوو پێش ئازادکردنیان، بەو پێیەی لە کاتی ڕادەستکردنەوەی پێشوودا ناچاریانی کرد کراسێک لەبەر بکەن کە لەسەری نووسرابوو "لەبیرمان ناچێت"، لەگەڵ هەڕەشە و تۆقاندن بۆ لێدانی حەماس.

دوێنێش ئەو 600 زیندانییەی بڕیار بوو ئازاد بکرێن، ناچار کران جلوبەرگ و ملوانکەی بە ئایەتەکانی زەبوور نەخشاو لەبەر بکەن، کە هەڕەشەشیان تێدا بوو.

زۆرجار، فەڵەستینییەکان بە لاوازی لە زیندانەکانی ئیسرائیلەوە دەردەکەون، ئەمەش ڕادەی ئەو ئەشکەنجەیە ئاشکرا دەکات، لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا تووشی بوونە.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکەشەممە،  فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو ڕاگەیاند، لەوانە جێگیرکردنی یەکەیەکی تانک لە شاری جێنین، ئەمەش یەکەمجارە لە دوای کۆتایی هاتنی ڕاپەڕینی دووەم لە ساڵی 2005وە تانکەکان لە ناوچەکانی فەلەستین کاربکەن.

سوپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان "بەردەوامن، لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیسی سنوور، ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە باکووری سامرە (کەرتی ڕۆژئاوا) و فراوانکردنی چالاکییە هێرشبەرییەکانیان لە ناوچەکەدا"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "یەکەیەکی تانک لە جێنین وەک بەشێک لە هەوڵە هێرشبەرەکان چالاکی دەکات".

لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپا سێ کەمپی پەنابەرانی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراوی باکوور چۆڵکردووە، هەروەها فەرمانی بە سوپاکەی کردووە بە درێژایی ساڵ بە جێگری لەوێ بمێننەوە "بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی دانیشتووانەکانیان."

کاتز لە بەیاننامەیەکدا گوتی: تا ئێستا 40 هەزار فەڵەستینی لە کەمپەکانی پەنابەران لە جێنین، تولکەرم و نور شەمس چۆڵکراون، ئاماژەی بەوەش کرد، فەرمانی بە هێزەکان کردووە "خۆ ئامادەکاری بکەن بۆ مانەوە لە کەمپە چۆڵکراوەکان بە درێژایی ساڵ، ڕێگە نەدەن دانیشتووان بگەڕێنەوە و ڕێگە بە گەڕانەوەی تیرۆر جارێکی دیکە نادەن".