دوو کەشتیی نەوتهەڵگری عێراق بە گەرووی هورمز تێپەڕین

کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی نەوتی خاوی عێراقیان هەڵگرتبوو، گەرووی هورمزیان بەجێهێشت، ئەمەش پێشهاتێکە کە هیواکان بۆ سەقامگیربوونی هەناردەکردنی نەوت لە عێراقەوە زیاد دەکات، کە ماویەکی زۆرە گەرووی هورمز بەرووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخراوە.

بەگوێرەی داتاکانی کەشتیوانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری چینی کە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقیان هەڵگرتبوو، بەو گەرووەدا تێپەڕیون، بەمەش ژمارەیەکی کەمی کەشتیی توانییویانە لە گەرووەکە تێپەڕن.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە داخستنی گەرووی هورمز زۆرترین کاریگەریی لەسەر بووە، بەو پێیەی زۆرینەی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە پشت بەم رێگا دەریاییە گرنگە دەبەستێت، بەتایبەتی هەناردەی نەوتی خاوی بەسرە بۆ بازاڕەکانی ئاسیا بەتایبەت بۆ چین.

لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە بەرووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخرا، بەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لەبازاڕەکانی جیهان هەبوو.

هاوکات ئێران هۆشداری دا هەر کەشتییەکی بازرگانی بیەوێت بەو گەرووەدا تێپەڕێت، دەبێت مۆڵەت لەوان وەربگرێت، هەروەها نابێت کەشتییەکەش سەر بەو لایەنانە بێت کە تێوەگلاوی جەنگەکەن. دواتر ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر کەشتییەکانی ئێراندا سەپاند.

دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فارس، کەشتییەکی نەوت هەڵگر وڵاتەکەیان، کە لە ژێر سزاکانی ئەمریکادایە، توانیویەتی هێڵی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لە گەرووی هورمز ببڕێت و بە سەلامەتی بگاتە بەندەرەکانی ئێران.

ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، ئەم کەشتییە کە باری گازی شلی (LPG) هەڵگرتبوو، دوو هەفتە لەمەوبەر لە کەناراوەکانی وڵاتی هیندستان بینرابوو، کەشتییەکە توانیویەتی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و بەبێ ئەوەی لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە دەستنیشان بکرێت. هێڵی گەمارۆی ئەمریکای تێپەڕکردووە و لە بەندەری دوورگەی (خارگ) لەنگەری گرتووە.

رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، نۆ کەشتیی بارهەڵگری نەوت و گاز بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.

هەر بەپێی زانیارییەکانی بلومبێرگ، دوو رۆژ بەر لەو وادەیە، هێزەکانی ئەمریکا رێگرییان لە کەشتییەکی یۆنانی کردووە کە نزیکەی 2  ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی هەڵگرتبوو و بەرەو ڤێتنام بەڕێوەبوو، لە بەرامبەریشدا حکوومەتی ڤێتنام داوای لە ئەمریکا کردبوو رێگە بە بارە نەوتەکە بدات گەشتەکەی تەواو بکات.