وەزارەتی نەوتی سووریا: بۆ ماوەیەک نەوت لەناوچەکانی ژێردەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هاوردە دەکەین

وەزارەتی نەوتی سووریا ڕایدەگەیەنێت، بەشێوەیەکی سەرەتایی بۆ ماوەی سێ مانگ نەوت لەناوچەکانی ژێردەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هاوردە دەکەن.

ئەحمەد سلێمان، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی سووریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو کێلگانەی لە ژێر دەستی دایە، نەوت بۆ دیمەشق بەرهەم دەهێنن.

گوتیشی: بڕیاریان داوە بەشێوەیەکی سەرەتایی بۆ ماوەی سێ مانگ نەوت لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە هاوردە بکەن، ئەمەش بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیانە.

باسی لەوەش کردووە، ئەگەری هەیە دوای ئەو سێ مانگەی دیاری کراوە و بەگوێرەی بەرژەوەندیی گەلی سووریا بڕیار لەسەر دۆسیەی نەوت بدەن، هەروەها هەموو کارێک دەکەن بۆ دابینکردنی وزەی پێویست بۆ هاووڵاتیانی سووریا.

ئەحمەد سلێمان، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی پچڕانی کارەبا کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، کە لە ئەنجامی شەڕەوە خراپتر بووە، هەروەها کەمیی سووتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا هۆیەکی دیکەی قەیرانەکە بووە.

جێگای سەرنجە، زۆربەی کێڵگە نەوتی و گازییەکان دەکەونە ڕۆژهەڵاتی فورات و  لە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون.