وەزیری نەوتی فیدراڵ: چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکی دەکەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ ڕایگەیاند: بۆرییەکانی نەوتی بەندەری جەیهان ئامادەیە و ئومێد دەکەن تا دوو ڕۆژی دیکە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێت.

دووشەممە 24ـی شوباتی 2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ ڕایگەیاند: پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوامە بۆ ئەوەی لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەین.

وەزیری نەوتی فیدراڵ دەڵێت: چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکی دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەین، لای خۆمان هەموو ئامادەکارییەک تەواو کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکرێت و بۆرییەکان ئامادەکراون بۆ ئەوەی بە بەندەری جەیهانی تورکیا بگەیەندرێت.

حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری ڕێککەوتوون بەپێی یاسای بوودجە، 300 بۆ 325 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بکەن، بەشەکەی دیکەش بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆ دابین دەکرێت.