عێراق لەسەر ئاستی جیهاندا زۆرترین سزای لەسێدارەدان جێبه‌جێ ده‌كات

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی سزای لەسێدارەدان، ڕاپۆرتێکی لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە عێراق بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان لە عێراقە. نزیکەی 8 هەزار زیندانیی دیکەش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. 

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە عێراق، بووەتە جێی مشتومڕی تەواوی میدیا و ڕێکخراوە جیهانییەکان. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی سزای لەسێدارەدان، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، لەسەر ئاستی جیهان عێراق زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.

لە یەک دوو ساڵی رابردوو چەندین جار سزای لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە عێراق جێبەجێکراوە، ئێستاش نزیکەی 8 هەزار زیندانیی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، حکوومەتی عێراق بێ گوێدانە مافەکانی مرۆڤ سزاکە جێبەجێ دەکات و ئەوانەشی سزاکەیان لەسەر جێبەجێ دەکرێت، ڕێگەیان نادرێت پێش لەسێدارەدان خێزانەکانیان یان پارێزەرەکانیان ئاگادار بکەنەوە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2005ـەوە دەستی بە جێبەجێکردنی ئەم سزایە کردووەتەوە، بە گوێرەی ڕێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 145 کەس لەسێدارەدراون.

چەندین جار ڕێکخراو و وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و داواشیان لە عێراق کردووە سزاکە ڕاگرێت، هەروەها لە هەوڵدان کە عێراق ڕازی بکەن چیدیکە ئەم سزایە جێبەجێ نەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment