عێراق دراوی دیجیتاڵیی تایبەت بە خۆی دروست دەکات

عێراق دەیەوێت دراوی دیجیتاڵی بخاتە بازاڕەوە وەکو جێگرەوەیەک بۆ دیناری کاغەز.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند "بانکەکە پلانی هەیە دراوی ئەلیکترۆنی دروست بکات بۆ ئەوەی لە مامەڵەکردندا جێگەی دیناری کاغەز بگرێتەوە."
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق جەخت دەکاتەوە "سیستەمی دارایی و بانکیی سەردەمییانە، ئەوە دەخوازێت کە پەرە بە مامەڵە دیجیتاڵییەکان بدرێت و لەو نێوەندەشدا مامەڵەکردن بە دراوی دیجیتاڵیی پشتیوانییکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، یەکێکە لە بژاردە بەهێزەکان."
عەلاق ئاماژەی بەوە کرد "دەیانەوێت هەنگاو بەهەنگاو کۆتایی بە کارکردن بە دراوی کاش بهێنن و مامەڵە بە دراوە دیجیتاڵییەکان بکەن، ئەمە لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، بەکار دەهێنرێت.
دراوە دیجیتاڵییەکەی عێراق ناوی (ئای کیو سی)یە و بڕیارە لە ساڵی 2028ـەوە بەردەست بێت بۆ مامەڵە.