ئەردۆغان: تورك و كورد و پێكهاته‌كان براوەی تورکیای بێ تیرۆر دەبن

سه‌رۆكی توركیا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌رده‌وام هه‌وڵی به‌هێزكردنی برایه‌تی نێوان پێكهاته‌كانی وڵاته‌كه‌یان داوه‌؛ ده‌شڵێت، توركیا چووه‌ته‌ ناو قۆناغێكی نوێ.

هه‌ینی، 28ـی شوباتی 2025، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركيا ڕایگه‌یاند، بەدواداچوون بۆ قۆناغی نوێی ئاشتیی دەکەن و ئەگەر چەکەکان دابندرێن ڕێگا بۆ دیموکراسیبوون دەکرێتەوە.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، توركیا چووه‌ته‌ ناو قۆناغێكی نوێ و به‌ پێویستی زانی قۆناغەکە بە ئارامی بەڕێوه ‌بچێت.

ئه‌ردۆغان گوتیشی، تیرۆر وەک ئامرازێکی هەڕەشە بەرانبەر تورکیا بەکار دەهێندرا و گه‌لی توركیا لە کەس خۆش نابێت کە پرۆسەی نوێ بگەیەنێتە بنبەست.

سه‌رۆكی توركیا باسی له‌وه‌ش كرد، کاتێک چەکەکەكان لا ده‌برێن، کایەی کاریگەریی سیاسەت زیاتر فراوانتر دەبێت. گوتیشی، ئەو بیانووانەی کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەکاری دەهێنن، یان نەماون یان چارەسەر کراون.

ئه‌ردۆغان ده‌شڵێت، براوەی تورکیایی بێ تیرۆر سەرجەم پێکهاتەکان دەبن به‌ تورک و کوردەوە. هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، بۆ ڕووخانی دیواری تیرۆر لە بەردەم دەرفەتێکی مێژوییدان

هاوكات گوتی: "هەوڵەکان بۆ تورکیایەکی دوور لە تیرۆر، کە بە دەستپێشخەری بوێرانەی دەوڵەت باخچەلی دەستی پێ کرد و بە هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی ئێمە بەرەو پێش چوو، ئێستا چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بە وردی چاودێری دەکەین کە ئایا ئەو پرۆسەیەی دەستی پێ کردووە لە هەموو لایەنەکەوە لە ڕێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمانەوە جێبەجێکراوە یان نا."

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.

هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیاريەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment