بە حەوت ساڵ 10 ملیۆن ئێرانی کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری

عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری لەسەر کار لادراوی دارایی و ئابووریی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت: لە حەوت ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی هەڵاوسان، 10 ملیۆن کەسی دیکە لە ئێران کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاریی.

هیمەتی، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لە بارەی دۆخ و گوزەرارنی هاووڵاتییانی ئێران بانگهێشت کرابوو، گوتی: کەسێک ئیدارەی ئابووری وڵات بکات، دەزانێت حەوت ساڵ هەڵاوسانی بەردەوام چی بەسەر %40ی گوزەرانی خەڵک هێناوە، هەربۆیە هەمووتان زانیاریتان لەم بارەوە هەیە و پێویست ناکات داوای ڕوونکردنەوە بکەن بۆ ئەوە دوژمن دڵخۆش نەبی و بەرژەوەندییە میللییەکانیش نەکەونە ژێر مەترسی و هەڕەشە.

هەروا ئاماژەی دا، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هەڵاوسانەوە 10 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاریی، هەروەها دەزانین هاووڵاتییان چییان دەوێت، بەڵام ناچارین دەبێت لەسەر بنەمای تواناکان کار بکەین.

وەزیری وەزیری لەسەر کار لادراوی دارایی و ئابووریی ئێران ئاماژەی بە ڕۆڵی کابینەکەی مەسعود پزیشکیان کرد و گوتی: ساڵی ڕابردوو ئەم کاتە، ڕێژەی هەڵاوسان %42 بوو، بەڵام بۆ ئەم ساڵ توانیومانە %32 کەم بکەینەوە.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، %30ی دانیشتووانی ئێران لە ژێر هێڵێ هەژاریدان و کۆی ئەم ڕێژەیەش دەکاتە زیاتر لە 25 ملیۆن کەس.