ئۆپێک پڵەس پشکی عێراقی لە بەرهەمهێنانی نەوت زیاد کرد

سیشەممە، 4ـی ئاداری 2025، وڵاتانی ئۆپێک پڵەس ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی پشکی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ زیاد بکرێت، بە جۆرێک دەگاتە چوار ملیۆن و 110 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
میدیاکان بڵاویان کردەوە، هەر هەشت وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەس، لەوانە 'عێراق، سعوودیە، ڕووسیا، ئیمارات، کوەیت، کازاخستان، جەزائیر و عومان، پێداچوونەوەیان بە دۆخی بازاڕی جیهانی و چاوەڕوانییەکانی داهاتوو کرد.
وڵاتانی هاوپەیمانان ڕێک کەوتن لەسەر نوێکردنەوەی پابەندبوونیان بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، کە پێشتر لە مانگەکانی نیسان و تشرینی دووەمی 2023 ڕاگەیەندرابوو، تاوەکوو سەرەتای مانگی داهاتوو.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، پشکی عێراق بۆ مانگی نیسانی داهاتوو 12 هەزار بەرمیل زیاد دەکات، بەجۆرێک لە مانگی ئایاری داهاتووشدا 12 هەزار بەرمیلی دیکە زیاد دەکات، بەمەش بەرهەمهێنانی عێراق دەگاتە 4.024 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەروەها لە مانگی کانوونی دووەمیشدا دەگاتە 4 ملیۆن و 110 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
پشکی عێراق لە مانگی ئەیلوول تا مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2026 بەرز دەبێتەوە بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕی یەک ملیۆن و 650 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆبەخشانەی ڕاگەیاند، کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت، دواتر هاوپەیمانییەکە لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 جارێکی دیکە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم کردەوە و بڕیارەکەی دووەم تا کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.