بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی بەڕێوەبەرایەتییەکی پەروەردە بۆ کوردانی دیاسپۆرا دەکرێتەوە
بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەڕێوەبەرایەتییەکی پەروەردە بۆ خوێندن بە زمانی کوردی لە دیاسپۆرا بۆ کوردستانیان دەکرێتەوە، بۆ ئەوەش یاداشتێکی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی پەروەردە و فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا ئیمزا کرا، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: لە ئێستاوە کارەکان بە دامەزراوەیی دەکرێن لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی.
سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، هەریەک لە وەزارەتی پەروەردەو فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا، یاداشتێکی هەماهەنگیان واژۆ کرد، وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: یاداشتەکە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت واژۆ کراوەو ئامانج لێی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە تایبەت بە خوێندنی کوردی لە دیاسپۆرا.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ خوێندنی دەرەوەی وڵات دادەنرێت بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی کە لە دیاسپۆران، لە ئێستاوە کارەکان بە دامەزراوەیی دەکرێن لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی.
وەزیری پەروەردە دەشڵێت: لایەکی دیکەی گرنگی ئەو پرۆژەیە، دامەزراندنی دامەزراوەیەکی گرنگی وەک فیدراسیۆنە کە پشتیوانی ڕەوەندی کوردییە لە دەرەوەی وڵات، پشتیوانی کوردستانییانە لە دیاسپۆرا لە هەموو کار و چالاکییەکان بەتایبەتیش لە بواری زمان بۆ خزمەتکردنی کلتووری پەروەردەیی.
ئالان حەمە سەعید گوتی: بۆیە ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ ناوەندێكی گرنگ هەماهەنگی دەکەین کە ئەو دامەزراوەیە ئاشنایە بە بەشێکی زۆری کوردان لە دیاسپۆرا کە کۆنفیدراسیۆنی ڕوەندی کوردستانییە.