كابینەی نۆیەمی حكومەت لە كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان سەركەوتوو بوو

.

K24 - ھەولێر

لەماوەی یەک ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، پلانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داھات، بە ئامانجی بەھەدەر نەدانی داھاتی گشتی سەرکەوتووبوو، لەو ماوە کورتەدا توانرا بڕێکی زۆر لە خەرجییەکان کەمبکرێنەوە، ئەندامێكی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستانیش رایدەگەیەنێت، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیش بڕێکی دیکەی پارەی بەھەدەردراو بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، تا بەر لە ھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا توانی داھاتی ناوخۆ زیاد بكات، بە جۆرێك بۆ دوو ھێندە بەرزی بكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی لەرێی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیش بڕێكی دیكەی پارەی بەھەدەردراو بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێنێتەوە.

لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، حكومەتی ھەرێمی كوردستان كەوتە حاڵەتێكی نەخوازراوەوە، بەڵام بوێرانە دەستی برد بۆ كەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵا و تایبەتەكان تا لەو رێیەوە بتوانێت ماف و شایستە داراییەكانی ھاووڵاتییان دابین بكات.