نەتەوە یەکگرتووەکان: مافی ئافرەتان پاشەکشەی کردووە

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاو کراوەتەوە، مافی ئافرەتان لە ساڵی 2024 پاشەکشەی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتەکەش، ئەو پاشەکشەیە بەشێوەیەکە کە لەهەر چوار وڵاتێک، وڵاتێک لە بواری مافی ئافرەتاندا چوونەتە دواوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت: لەگەڵ ئەو پاشەکشێیەی لەبواری مافی ئافرەتاندا هاتووەتە پێشەوە، دامەزراوەکانی دیموکراسی و یەکسانی لەنێوان ژن و پیاویشدا پاشەکشەیان کردووە، دەشڵێت: ئەو لایەنانەی پشتیوانی مافی ئافرەتان دەکەن، زۆر چالاکانە کار دەکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە مافەکانی ئافرەتان هۆشیار بکەنەوە.
ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، لەهەر چوار وڵاتێک، وڵاتێک لە پاراستنی مافی ئافرەتان و یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز پاشەکشەی کردووە، ئەمەش بووەتە بەربەستێک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو پلانەی لە کۆنگرەی جیهانی ئافرەتان ساڵی 1995 لە پەکین دەرچووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: دوای 30 ساڵ لە بەستنی کۆنگرەی جیهانی ئافرەتان ساڵی 1995 لە پەکین، دەبینین ئافرەتان کەمتر دەچنە پەرلەمانی وڵاتان، لەگەڵ ئەوەی سێ لەسەر چوار ئەندامانی پەرلەمان پیاون.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، ژمارەی ئەو ئافرەتانە زیادبووە کە سوودمەند بوونە لە پرۆژەی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە ڕێژەی سێ لەسەر چوار لەنێوان ساڵانی 2010 و 2023، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ملیار ئافرەت ماون کە بێبەشن لەو پاراستنە.