ئەمەریکا: پێویستە لێپرسینەوە لە بکەری کۆمەڵکوژییەکانی ئەم دواییانەی سووریا بکرێت
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە دەسەڵاتی کاتیی سووریا دەکات، لێپرسینەوە لە بکەری کۆمەڵکوژییەکانی ئەم دواییانەی کەناراوەکان بکات. بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکاش دەڵێت: سووریای ئێستە لەلایەن کۆنە قاعیدەییەکەوە بەڕێوە دەبرێت.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەمەریکا ئەو تیرۆریستە ئیسلامییە توندڕۆ و جیهادییە بیانییانە سەرکۆنە دەکات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاووڵاتیی مەدەنییان لە ڕۆژئاوای سووریا کۆمەڵکوژ کرد."
ڕوبیۆ، بە پێویستی دەزانێت "دەسەڵاتی کاتیی سووریا لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لە بکەری کۆمەڵکوژییەکانی دژی کەمینەکانی سووریا بکات."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەرەخۆشیی خۆی لە قوربانییان و خێزانەکانیان کرد و دووپاتی کردەوە "ئەمەریکا هاوشانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی سووریا دەوەستێت، لەوانەش کۆمەڵگەی کریستیان، دروز، عەلەوی و کورد."
هاوکات تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەوالگریی نیشیتیمانی ئەمەریکا لە پەیامێکدا دەربارەی دۆخی سووریا، باسی لەوە کرد "ئەو کەسەی ئێستا سەرۆکی سووریایە، ئەندامی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە بووە و بەشداری لە کوشتنی سەربازانی ئەمەریکی کردووە."
گابارد، جەخت دەکاتەوە "سەرۆکی کاتیی سووریا لە ستەمکردن لە کەمینەکانی وڵاتەکە تێوە گلاوە. ئەو کەسەی ئێستە سووریا بەڕێوە دەبات ئیسلامییەکی توندڕەوە کە دژی ئەمەریکا جەنگاوە و حەز بەچارەی ئەمەریکا ناکات."
ڕۆژی پێنجشەممە، 06-03-2025، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع و پاشماوەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە پێکهاتەی عەلەوی، لە ڕۆژئاوای سووریا سەری هەڵدا. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکانی شەرع نزیکەی 800 هاووڵاتیی مەدەنییان کوشتووە.