لە 24 كاتژمێردا 10 كەس لە گەرمیان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
.
K24 - گەرمیان
ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "لەماوەی 24 كاتژمێردا 10 كەس لە دەڤەری گەرمیان بە كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە".
لەوبارەوە د. ھاوار ھۆشیار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی كەلار بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار كەسی دیكە بەھۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو كەسانەی لە گەرمیان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 41 كەس".
گوتیشی: "ئێستا 8 تووشبووی دیكەی كۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی كەلار، راشیگەیاند: "ئەگەر ھاووڵاتییان پابەندی رێكار و رێنماییەكان نەبن، ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەستدان زیاد دەكات".
بەگوێرەی ئاماری تەندروستی گەرمیان تائێستا ھەزار و 490 كەس لەو دەڤەرە تووشی كۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیەشدا 301 كەس چاكبوونەتەوە.