بەغدا کڕینی گۆشتی سوور بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە

سەرباری مانگی ڕەمەزان و حەزی هاووڵاتیان لە گۆشتی سوور، بەڵام کڕینی ئەم گۆشتە لەلایەن خەڵکی بەغداوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش بەهۆی بەرزی نرخەکەیەوە.

نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە بەغدا لەنێوان 22 بۆ 25 هەزار دیناردایە، بەڕای چاودێران، ئەم نرخە زۆرە و مووچەخۆرێکی سادەی حکوومەت ناتوانێت گۆشت بکڕێت، بەرزی نرخی گۆشت توانای کڕینی خەڵکی کەم کردووەتەوە.

حەیدەر سەلمان، گۆشتفرۆش بە کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ نرخی گۆش گەیشتووەتە 22 هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک، پێشتر 18 هەزار دینار بوو، نرخی ئێستای گۆشت بەرزە و بەڕای من ئەم نرخەی ئێستا لەسەدا 80ـی توانای کڕینی خەڵکی کەم کردووەتەوە.

ئەنوەر موسەوی، چاوێر دەڵێت: زۆرینەی خەڵک لەم کاتەدا ناتوانن گۆشتی سوور بکڕن، چونکە نرخەکەی لەنێوان 22 بۆ 25 هەزار دیناردایە،ئەمەش نرخێکی زۆرە و هاووڵاتیەکی سادە ئەم پارەیەی نییە، چونکە موچەکەی سنووردارە، لەلایەکی دیکەوە نەبوونی چاودێریی حکوومەت بەسەر کەرتی تایبەت و قۆرغکردنی سامانی ئاژەڵ لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، نرخەکان لەسەر هاووڵاتیان زیاد کردووە.

لەپەراوێزی گرانیی گۆشتدا، خەڵک پەنایان بۆ گۆشتی هاوردە بردووە کە نازانن سەرچاوەکەی کوێیە،  بەرزیی نرخی گۆشتی وای لە هاووڵاتیان کردووە توانایان بەسەریدا نەشکێت و وەک جاران نەیکڕن.