لە پاکستان 450 کەس لەنێو شەمەندەفەرێک بارمتەگیراون
چەند چەکدارێک دوای بریندارکردنی شوفێرەکەی، زیاتر لە 450 کەسیان لەنێو شەمەندەفەرێک لە بلوشستانی ڕۆژئاوای پاکستان بە بارمتە گرت.
سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، محەممەد کاشف، بەرپرسی هێلەکانی شەمەندەفەری بلوشستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: 450 کەس لەنێو شەمەنەدەفەرێکی بلوشستان لەلایەن چەند چەکدراێکەوە بارمتەگیراون، لەو ژمارەیەدا ژن و منداڵ هەن.
بەرپرسانی بلوشستان ئاشکرایان کردووە، سووپای ئازادکردنی بولشستان بەرپسیارەتی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆی خۆی کە گرووپێکی جوداخوازی هەریـمەکەن و سنووریان لەگەڵ ئێران و ئەفغانسانە.
بەرپرسێکی باڵای شارۆچکەی سیبی ڕایگەیاند: چەکدارەکان شەمەندەفەری(جەعفەر ئێکسپرێس)یان ناچارکردووە بووەستێت، هەر ئەو کاتە چەکدارەکان شوفێری شەمەندەفەرەکەیان بریندارکردووە و سەرنشینانیشیان بە بارمتە گرتووە.
بزووتنەوەی ئازادکردنی بلوشستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: هێلی شەمەندەفەریان بە تەقاندنەوەی بۆمبی چێندراو وێران کردووە، بۆیە شەمەندەفەری( جەعفەر ئێکسپرێس)یان ناچارکردووە بووەستێت.
بەرپرسێکی پۆلیسی بلوشستان ئاشکرای کرد، لە دەروازەی تونێلی نێو چیاکانی بلوشستان دەستی بەسەرداگیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشخانەی سیبی خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو.
بزووتنەوەی ئازادکردنی بلوشستانیش دەڵێت: ئێمەین هێرش دەکەینە سەر هێزەکانی ئەمنی پاکستان و هەرێمەکانی دیکە، دەشڵێن: وەبەرهێنەرە بیانییەکان بەلای ئێمەوە گرنگن، چونکە وڵاتە دەوڵەمەندەکەیان بە سامانی سروشتی دەدزن، بێ ئەوەی خەڵکی پاکساتن و ئەو ناوچانە لێی سوودمەند بن.
هەرێمی بلوشستان دەوڵەمەندە بە هایدرۆکاربۆن و کانزاکان، بەڵام خەڵکی ناوچەکانی بلوشستان و ناوچەکانی دەورووبەری سکاڵا لە پەراوێزخستنیان دەکەن، سەرباری ئەوەی دەڵێن: بێبەش کراوین لە سوودەکانی هەموو ئەو سامانە سروشتییەی هەمانە، بووینەتە هەژارترین ناوچەش.
مانگی ئابی ڕابردوو، هێزەکانی ئازادکردنی بلوشستان 39 کەسیان لەو گەشتیارانە کوشت دوای ئەوەی لە ناسنامەکانیان دڵنیابوونەوە کە سەر بەو سووپایە بوون کە شەڕیان دژی جوداخوازەکان کردووە.
ناوەندی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ئاسایشی ئیسلام ئاباد بڵاوی کردەوە، ساڵی 2024، ساڵێکی خوێناوی بووە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو کە تێیدا 1600 کەس لە هێرشی جیا جیادا کوژراون، 685 لەو کوژراوانە سەر بە هێزە ئەمنییەکانن.