كازمی دەروازە سنوورییەكان كۆنترۆڵ دەكات
.
K24 - ھەولێر
مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق کۆنترۆڵ دەکات، لە سەرجەم ئەو خاڵانە سوپا جێگیر دەکات.
ئەو خاڵە سنووریانەی کازمی دەیەوێت کۆنترۆڵیان بکات، پێشتر لەلایەن حەشدی شەعبی و چەند گرووپێک دەستیان بەسەردا گیرابوو، داھاتەکانیان بۆ خەزێنەی دەوڵەت نەبوو، کۆنترۆڵکردنی ئەو خاڵە سنووریانە تەنھا لە رووی داراییەوە نییە، بەڵکو کازمی دەیەوێت لە رووی سیاسی و ئەمنیشەوە کۆنترۆڵ بکرێن.
ئێستا حکومەتی عێراق دەیەوێت چاکسازی لە ھەموو کەرتەکان ئەنجامبدات، خاڵە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقیش، ئامانجی چاکسازیەکەی کازمییە، بەرای چاودێران حکومەتی عێراق ناتوانێت بە ئاسانی چاکسازی بکات، چونکە ئەوانەی پێشتریش لەو خاڵە سنووریانە بوون ئەگەر سەر بە حکومەتیش نەبن، ھاووڵاتی عێراقی بوون.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپا لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی جێگیر دەکات، راستەوخۆ داھاتیان بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێنێتەوە، وەک خۆیان دەڵێن رێگا نادەن چیتر گرووپ و کەس و لایەن و وڵاتانی دەوروبەر لە خێر و بێری وڵاتەکەیان قازانج بکەن.