وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: شەرەفمەندین بە هاوکاریکردنی درووزەکان

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت: هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ درووزەکانی سووریا هەیە و شەرەفمەندین بە هاوکارییکردنیان.
پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند: 10 بارهەڵگریی یارمەتیی مرۆییان بۆ درووزەکانی سووریا ناردووە، دەشڵێت: لەو هەرێمەی ئێمەی لێین، پێویستە پێکهاتەکان بپارێزین.
ساعر گوتی: هاوپەیمانێتی ئازایەتیمان لەگەڵ درووزەکان هەیە و شەرەفمەندین بەوەی بتوانین هاوکارییان بکەین.
هەفتەی ڕابردوو، توندوتیژی لە نێوان هێزەکانی سووریای نوێ و چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەدی ڕووخاو دەستی پێ کرد. لە بەیاننامەیەکدا، دەیڤید مینزەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل، توندوتیژییەکانی بە "کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی" وەسف کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیسرائیل "ئەگەر پێویست بکات، بۆ بەرگریکردن لە درووزەکان ئامادەیە." بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی چۆنیەتی ڕوودانی ئەم کارە بخاتە ڕوو.

پێکهاتەی درووز، یەکێکە لەو کەمینانەی لە سەرانسەری ئیسرائیل و سووریا و لوبنان بڵاو بوونەتەوە. پێشتریش حکوومەتی سووریا تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی یاخیبوونە سەرهەڵداوەکانی ناوچە کەناراوییەکان ڕاگەیاند کە زۆربەیان ئەندامانی کەمینەی عەلەوییەکان تێیدا نیشتەجێن.