شاندێکی درووزەکانی سووریا سەردانی ئیسرائیل دەکات

شاندێکی پیاوانی ئاییینی درووز
شاندێکی پیاوانی ئاییینی درووز

شاندێکی پیاوانی ئایینی درووزەکانی سووریا، لە وەڵامی بانگهێشتنامەی کۆمەڵگەی درووزی لە ئیسرائیل، بە نیازن ڕۆژی هەینی سەردانی وڵاتەکە بکەن.

پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: بۆ یەکەم جار شاندێکی پیاوانی ئایینی درووزەکانی سووریا، بە نیازن ڕۆژی هەینی سەردانی ئیسرائیل بکەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، ئەم سەردانی لە وەڵامی بانگهێشتنامەی کۆمەڵگەی درووزی لە ئیسرائیل دێت، هەروەها شاندەکە دەیانەوێت لە ڕێگەی شارۆچکەی حەزەر کە دەکەوێتە پارێزگای قونەیتەرە داخلی نێو ئیسرائیل ببن.

بە پێی ئاناژنسەکە، شاندەکە دەیانەوێت لە ڕێگەی ڕۆشتنیان بۆ ئیسرائیل، سەردانی مەزارگەی شوعەیبی پێغەمبەر بکەن، کە شوێنێکی تایبەتی بۆ درووزەکان لێیە و لەوێدا لەگەڵ شێخ مۆفەق تەریف، سەرکردەی ڕۆحی کۆمەڵگەی درووزەکانی ئیسرائیل کۆدەبنەوە.

درووزەکان لە لوبنان، ئیسرائیل، بەرزاییەکانی جۆلان، پارێزگای سوەیدا لە سووریا و هەندێک ناوچەی ئیسرائیلدا هەن، هەروەها درووزەکان 3ـ%ـی دانیشتووانی سووریا پێک دەهێنن.

درووزەکان تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان لەو ململانێیە بە دوور گرت کە لە ساڵی 2011 لە نێوان هێزەکانی بەشار ئەسەد و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەستی پێکرد. زۆرێک لەوان توانیان خۆیان بەدوور بگرن لە چوونیان بۆ نێو سوپای سووریا.

لە ئێستادا گفتوگۆ لە نێوان نوێنەرانی پێکهاتەی درووز و ئیدارەی نوێی سووریا بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە هێزە ئەمنییەکانی درووزەکان تێکەڵ بە وەزارەتی بەرگریی سووریا دەکرێت.