نەمسا هەڕەشەی جددی لە توركیا دەكات
"پلانی پشێوییەكانی پایتەختی نەمسا لە ئەنقەرەوە داڕێژرابوو"
K24- هەولێر:
ئەلێكساندەر شالینبرێج، وەزیری دەرەوەی نەمسا دووپاتی كردەوە، ئەوروپا بەرامبەر پێشێلكاری و زیادەڕۆییەكانی توركیا لە عێراق و لیبیا و هاوكات گۆڕینی ئەیا سۆفیا بێدەنگ نابێت.
لە بەیاننامەیەكدا ئەو وەزیرە نەمساوییە جەختی كردەوە، توركیا رۆژانە ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە هاوبەشێكی باوەڕپێكراو نییە بۆ ئەوروپا. ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییە ببنە هۆی ئەوەی پێداچوونەوە بۆ دۆخی ئەوروپا لەژێر مەترسییەكانی توركیا بكەین.
ئەمە دوای ئەوە هاتووە، پێشتر كارڵ نیهمەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی بەنیازی دەركردنی ژمارەیەك بڕیاری یەكلاكەرەوەیە لەبارەی توركیا، لەوانەش گرتنەبەری رێكاری دیپلۆماسی و سەپاندنی سزای ئەوروپی بەهۆی دەستوەردانی ئەنقەرە و هەڕەشەكانی بۆ سەر دۆخی ناوخۆی وڵاتێكی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا.
هاوكات نیهمەر گوتبووی: توركیا رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە، بەهۆی تێوەگلانی لە كردەوەی توندوتیژی دەستدرێژییەكانی بۆ سەر كورد و دەستبردن بۆ سەروەت و سامانەكانیان لە هەفتەی رابردوو.
ئەو وەزیرە نەمساوییە ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا كاتی ئەوەیە هەڵوێستی توند لە دژی توركیا نیشان بدرێت و گوتیشی: بەڵگەی حاشا هەڵنەگرمان لەبەردەستە، كە ئەنقەرە دەستی لە پشت پشێوییەكانی چەند رۆژی رابردووی پایتەختی نەمسادا هەبووە.
روونیشی كردەوە، ئەو پشێویانە لە ئەنقەرە پلانیان بۆ داڕێژراوە و لەلایەن نەمساوییە بەڕەگەز توركەكانەوە ئەنجامدراوە و پۆلیسی نەمساش لە لێكۆڵینەوەكەیدا لەو بارەیەوە ورد و سەركەوتوو بوو و 22 كەسیش دەستنیشان كراون، كە سەركێشی ئەو توندوتیژیانەیان كردووە و سەرجەمیان سەر بە رێكخراوی گورگەكانی راستڕەوی توندڕەون.
باسی ئەوەشی كرد، لە ماوەیەكی زۆر كورتدا توركەكان زیاتر لە 6 هەزار كەسیان رژانە سەر شەقامەكان و ئاڵای تایبەت بەخۆیان هەڵگرتبوو، ئەمەش بەهیچ شێوەیەك ناكرێت، ئەگەر رێكخراوێكی گەورە لەپشتیەوە نەبێت.
هەروەها گوتی: ئازادی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بۆ هەموو كەسێك لە نەمسا دەستەبەر كراوە و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پارێزگارییان لێ دەكریت، بەڵام رێگە بە چالاكی كۆمەڵە و قەوارە رادیكاڵییە توندڕەوەكان نادرێت، كە كۆمەڵەی خاوەن بەرژەوەندی تایبەتیان لەناوخۆی نەمسا پێكهێناوە.
H.B