وەزیری دەرەوەی سووریا گەیشتە بەغدا

وەزیری دەرەوەی سووریا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کۆدەبێتەوە.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 14-03-2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە سەردانێکی فەرمیی ڕانەگەیەنراو، گەیشتە بەغدا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبێتەوە و دواتر کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ساز دەکەن.
پێشتر شەیبانی، لەمیانی بەڕێوەچوونی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە ئیمارات؛ ڕایگەیاندبوو، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ سەردانی عێراق پێ گەیشتووە و دەیانەوێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت ئەوانەی دراوسێی سووریان، باشتر بکەن.
ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای دەسەڵاتدراێتیی نوێی سووریا بۆ عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
پێشتر و لە ڕۆژی پێنجشهممه، 26ـی كانوونی یهكهمی 2024، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا کۆ بووەوە.
تاوەکوو ئێستە بێجگە لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، هیچ بەرپرسێکی دیکەی باڵای عێراق سەردانی سووریای نەکردووە.