بەم مانگی ڕەمەزانە قەیرانی خۆراک و ئاو و غاز بەرۆکی خەڵکی غەززەیان گرتووە

ئیسرائیل، دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە، لە 2ـی ئادارەوە رێڕەوەکانی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە غەززەی داخستوون. ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی خۆراک، خەڵکی غەززە بەم مانگی ڕەمەزانە بە ئاستەم دەتوانن خواردن پەیدا بکەن. قەیرانەکەش هێندە سەختە، نرخی ئارد و شەکر و سەوزە، لەسەدا 200 بەرز بووەتەوە.
لە 2ـی ئەم مانگەوە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە، تەواو بووە. لەو کاتەوە، ئیسرائیل ڕێڕەوەکانی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە غەززەی داخستوون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی خۆراک، لەم مانگی ڕەمەزانەدا، خەڵکی غەززە بە ئەستەم خۆراک و ئاوی خواردنەوەیان دەست دەکەوێت.
خەزرا ناسر، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئاو و خوارد و غازمان نییە. تەنانەت داریشمان بۆ سووتاندن نییە. ئێستا لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانداین، بەبێ ئاوی خواردنەوە چۆن بەڕۆژوو بین."
لەلایەکی دیکەوە عەبدوڵڵا جابر، هاووڵاتی گوتی: ئێمەی جووتیار زیانمان بەرکەوتووە و ئازار دەچێژین، بەهۆی سوپای داگیرکەری ئیسرائیلەوە، تەواوی کەرتی غەززە ئازار دەچێژێت، هیچ ئاوی پاک نییە، ئاویشمان بۆ ئاودانی کشتوکاڵەکانمان دەست ناکەوێت، تەنانەت ئاژەڵەکانیش ئاوی خواردنەوەیان نییە. ئەگەر ئاو نەبێت ئاژەڵەکان لەناو دەچن."
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی ڕاپۆرتێکی لەسەر قەیرانی خۆراک لە غەززە بڵاو کردووەتەوە، لە 2ـی مانگەوە نەیانتوانیوە هیچ هاوکارییەک بگەیێننە غەززە. ئەوەی ئێستا هەیە، تەنیا دەتوانن هاوکاریی 33 چێشتخانە بکەن لە غەززە کە ڕۆژانە تەنیا 180 هەزار ژەمی خواردن دابەش دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتووانی غەززە زیاتر لە 2 ملیۆن کەسن.
بەهۆی ئەم قەیرانی ئاو و خۆراکەوە، زیان بە ئاژەڵ و کشتوکالی غەززەش گەیشتووە، لە دێرلبەلح، لە 10 کەس تەنیا کەسێک ئاوی خواردنەوەی دەست دەکەوێت.
بەم مانگی ڕەمەزانە قەیرانی خۆراک و ئاو و غاز بەرۆکی خەڵکی غەززەیان گرتووە، بەهۆی نەبوونی غازەوە ئێستا تەنیا 19 نانەوا لە غەززە کاردەکان. بەهۆی داخرانی رێڕەوە مرۆییەکان، نرخی ئارد و شەکر و سەوزە لەسەدا 200 بەرزبووەتەوە.