سوودانی: پابەندین بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی شنگال و دەشتی نەینەوا بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە

شەممە، 15ـی ئاداری 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەت پابەندە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بە مەبەستی گەڕاندەوەی ئاوارەکانی شنگال و دەشتی نەینەوا.

لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە "سەرۆک وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، دەستپێکردنی 14 پرۆژەی لە چوارچێوەی پرۆژەی ژێرخان و نۆژەنکردنەوە لە قەزای شنگال و دەشتی نەینەوا، بە تێچووی 18 ملیار دینار و نۆژەنکردنەوەی ڕێگا سەرەکییەکانی قەزا و گوندەکان، ڕاگەیاند."

بەگوێرەی بەیاننامەکە  "ئەم پرۆژانە کە لەلایەن سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا پارەدار دەکرێن، لە چوارچێوەی دیدگەی حکوومەت بۆ پەسەندکردنی کۆمەڵێک پرۆژەی گەشەپێدان، کە تیشکیان خستۆتە سەر ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال و دەشتی نەینەوا و قەزای زوممار و قەحتانیە."

 سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵەکانی پارێزگاری نەینەوا و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و سەرۆکی سندووقەکە و هەموو ئەو کرێکارانەی کە بەشدارییان لە دەستپێکردنی ئەو پرۆژانەدا کردووە، بەرز نرخاند و جەختی کردەوە "پاکێجی دووەمی ئەو پرۆژانە هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە."

سوودانی ڕایگەیاندووە "قەبارەی ئەو قوربانیدانەی کە خەڵکی شنگال و دەشتی نەینەوا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش داویانە، هەروەها  لەو نادادییەی کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا تووشیان بووە، وای لە حکوومەت کردووە سندووقێکی تایبەت بۆ شنگال و دەشتی نەینەوا دابمەزرێنێت و لە بەرنامەی حکوومەتدا جێگیر کراوە."  جەختیشی کردەوە "حکوومەت پابەندە بە کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان، هەروەها جێبەجێکردنی پرۆژەکان کە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ خێرا گەڕانەوەی ئاوارەکان."

 سوودانی باسی لەوەش کردووە "جێبەجێکردنی پرۆژەکان گرنگە، وەک زانکۆی شنگال، هەروەها هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکان و یەکە کارگێڕییەکان هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێ و دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا." ڕوونیشی کردەوە "ناوچەکانی شنگال و دەشتی نەینەوا سەرچاوەی سروشتییان هەیە، شایستەی ئەوەیە ببنە شارێکی ئابووری کە پاڵپشتی گەشەپێدان و ڕەخساندنی هەلی کار بکەن."