سابالێنکا گەیشتە یاری کۆتایی ئێندیان وێڵز

ئارینا سابالێنکا بە ئاسانی توانی تۆلەی خۆی لە مادیسۆن کیز بکاتەوە و سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی ماستەرزی ئێندیان وێلز.
لە بەردوامی پاڵەوانێتی تێنسی ماستەرزی ئێندیان وێلز، ئارینا سابالینکا خانمە تێنسزانی بیلارووسی و باشترین تێنسزانی جیهان، لە قۆناغی پێشکۆتایی پاڵەوانێتیەکە، رووبەڕووی مادیسۆن کیز خانمە تێنسزانی ئەمریکی بووەوە، لە کۆتایی سابالینکا بە ئاسانی توانی، یارییەکە لە ماوەی کەمتری لە یەک کاتژمێر واتە لە ماوەی 52 خولەک، بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش سفر و شەش یەک بوون.
بەم شێوەیە سابالینکا بۆ جاری دووەم گەیشتە یاری کۆتایی ماستەرزی ئێندیان وێلز و بڕیاریشە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە پێناو بەدەستهێنانی ناسناوەکە، رووبەڕووی میرا ئاندرێڤای رووسی ببێتەوە.