هەرێمی کوردستان.. ناوی 54 هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕایەوە

ناوی 54 هەزار فەرمانبەری دیکەی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە.

دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: ئەمڕۆ ناوی 54 هەزار فەرمانبەری دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە.

سەربەست مەولوود، گوتیشی: لەم هەفتەیەدا ژمارەیەکی دیکەی ناوی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە.

سه‌ربه‌ست مه‌ولوود لە وه‌ڵامی ئەوەی بۆچی تاوەکوو ئێستا لە چەند شارەوانییەک پڕۆسەی تیروپشک بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران نەکراوە؟ گوتی: لە سبه‌ی سێشه‌ممه‌وه‌ داوای ڕاپۆرت دەکەین، دەمانەوێت بەدواداچوون بۆ کێشە هونەرییەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بکەین و پڕۆسەکە خێراتر بکەین.

بەرێوەبەری بەشی یاسایی باسی لەوەش کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ناوی بەشێک لە فەرمانبەرانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بڵاو کرایەوە و هەوڵدەدەین کێشەکان بەزوویی چارە بکەین.

لە 27ـی ئاداری 2024، لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.