یەكێتی مامۆستایان لەسەر كەلەبچەكردنی مامۆستاكەی كەركووك ھاتەدەنگ

.

K24 – كەركووك

دوای ئەوەی مامۆستایەكی كەركووك لەكاتی گیان لەدەستدانی ھاوسەرەكەی "بەھۆی نەمانی ئۆكسجینەوە" لە نەخۆشخانەیەكی كەركووك كەلەبچە كرا، كاردانەوەی لێكەوتەوە لقی كەركووكی یەكێتی مامۆستایانیش سەركۆنەێ ئەو رەفتارە دەكات و داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات لێكۆڵینەوە دەست پێبكەن و سزای تۆمەتباران بدرێت.

لە بەیاننامەی لقی كەركووكی یەكێتی مامۆستایان ھاتووە: "ئەم كردەوە ناشیرینە جگە لەوەی خاڵییە لە ھەموو بەھا مۆڤایەتییەكان، سوكایەتی و ستەمە بەرامبەر بە پرۆسەی پەروەردە. بە توندی ئیدانەی سوكایەتی و بێڕێزیكردن بە مافی مرۆڤ و ھەركارێكی لەمشێوەیە دەكەین و داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بەپەلە لێكۆڵینەوەی ورد لە بابەتەكە بكرێت و تاوانبار و كەمتەرخەم رووبەڕووی سزای دادپەروانە بكرێنەوە".

شەوی سێشەممە 13/7/2020 ژنێكی تووشبووی كۆرۆنا بەناوی مونا ئیسماعیل لە نەخۆشخانەی كۆماری كەركووك گیانی لەدەستدا. بە گوێرەی بەدواداچوونی لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق "بەھۆی نەمانی ئۆكسجین" گیانی لەدەستداوە. لەكاتی رووداوەكە ھاوسەرەكە كە پیشەی مامۆستایە توڕە دەبێت و لەناو نەخۆشخانەكە قۆڵبەست كراوە.