کەرکووک..کەسێک هێرشی کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس و پۆلیسێکی کوشت

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، لە پارێزگای کەرکووک، کەسێک هێرشی کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس و پۆلیسێکی کوشت.

سەرچاوەیەکی خۆجێی لە پارێزگای کەرکووک بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند " ئەمڕۆ بەیانی کەسێک هەوڵی دا بچێتە ناو بنکەی پۆلیسی قۆرییە لە ناوەندی پارێزگای کەرکووک، لە ئەفسەرانی پۆلیس و پاسەوانانی بەردەرگەی بنکەکەی داوە، کە نەیانهێشتووە بچێتەوە ژوورەوە."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە "ئەم کەسە تەقەی لە پاسەوانەکان کردووە و یەکێکیان بە سەختی بریندار کردووە، دواتر گیانی سپاردووە، بەڵام هێزەکانی پۆلیس توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن."

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی کردەوە "پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆی هێرشی ئەو کەسە بۆ سەر ئەو پۆلیسانە، کە پێدەچێت تووشی نەخۆشییەکی دەروونی بووبێت."