لێکۆلینەوە سەرەتاییەکان: هێرشەکەی سەر بنکەی پۆلیسی قۆرییە، کردەوەیەکی تیرۆریستییە

سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، لە کەرکووک هێرش دەکرێتە سەر بنکەی پۆلیسی قۆریە، لەئەنجامدا ئەفسەرێکی پۆلیس بە پلەی مفەوەز دەکوژرێت، دواتر بکوژەکە لەلایەن پۆلیسەکانی بنکەکەوە دەکوژرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کە بە پەیامنێری کوردستان24 هێمن دەلۆی، گوتووە: کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، کەسێک لەگەڕەکی قۆرییەی کەرکووک لەدەرگای ماڵێک دەدات و بەرد لەماڵەکە دەگرێت و لەگەڵ خاوەن ماڵەکە دەیکاتە دەمەقاڵە، دواتر دەچێتە بەردەم بنکەی پۆلیسی قۆرییە کە لە تەنیشت ماڵەکەدایە.

گوتیشی: پاسەوانی بنکەکە هەوڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسە دەدات، بەڵام بەر لەدەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە بە چەقۆ لە پۆلیسەکە دەدات کە مفەوەزێکی بنکەکەیە  و ناوی 'قاسم ئەحمەد'ـە و چوار پەنجەی دەبڕێت، دواتریش چەکەکەی لێ دەسێنێت و دەیکوژێت، دوای کوشتنی پۆلیسەکە، دەچێتە ناو بنکەی پۆلیس و دەستڕێژی گولـلە دەکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، دوای دەستڕێژەکە، ڕووبەڕووبونەوە لەنێوان تۆمەتبار و پۆلیسەکان دروست دەبێت، کە لەئەنجامدا پۆلیسەکان تۆمەتبارەکە لەناو بنکەی پۆلیسی قۆرییە دەکوژن، ئێستا تەرمی بکوژ و پۆلیسەکە لە پزیشکی دادوەرین و لێکۆڵینەوەی پۆلیسیش دەستی پێ کردووە.

ڕوونیشی کردەوە، ئەو کەسە کە ناوی لە کۆمپیوتەر دراوە، خەڵکی پارێزگای میسانە و داواکراو بووە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، هەروەها بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش ئەو کەسە تیرۆریستە، واتە ڕووداوەکە تیرۆریستیە.