هێمن سەید موراد: ئاوی پاک بۆ بەرهەمهێنەرانی سەوزە دابین دەکەین

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، پاڵپشتی بەرهەمهێنەرانی سەوزە دەکەین، بۆ ئەوەی زیاتر بایەخ بە بەرهەمی سەوزە بدەن.

سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشتر هاووڵاتییان دەستەڵاتییان بەسەر ئەو زەوییانەدا نەبوو کە سەوزەیان بە ئاوی پیس، تێیدا بەرهەم دەهێنا، چونکە زەوییەکان هی خۆیان نەبوو. 

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵیت: ئەو ئاوەی سەوزەیان پێ ئاو دەدا، ئاوی پاشەڕۆ بوو، ئاوی پاشەڕۆش بۆ گەشەی سەوزە باشە، بەڵام لە ڕووی تەندروستییەوە زیانی زۆری هەیە بۆ هاووڵاتیان.

دەشڵێت: ئەوانە هەمووی هۆی گرانبوونی نرخی سەوزە بوون لە بازاڕەکان. بەڵام بۆ لەمەودوا، ئێمە بەرهەمهێنەرانی سەوزە زیاتر هان دەدەین بۆ ئەوەی بایەخ بە چاندنی سەوزە بە ئاوی پاک بدەن.

هێمن سەید موراد گوتیشی: ئێمە پشتیوانی جووتیاران دەکەین، بۆ ئەوەی بە ئاوی خاوێن سەوزە بەرهەم بهێنن، کاتێکیش بەرهەمی سەوزە زۆرتر دەبێت ڕاستەوخۆ نرخەکەی دادەبەزێت.

سەبارەت بە جیاوازیی نرخی سەوزە لە بازاڕەکان، هێمن سەید موراد گوتی: ئێمە  لە ڕێگەی هۆبەی چاودێرییەوە، بەردەوام چاودێریی نرخی سەوزە و میوە دەکەین، سەبارەت بە جیاوازیی نرخیش کاری لیژنەکانی قایمقامە، لای خۆمانەوە قایمقامییەت ئاگادار دەکەینەوە کەوا لیژنەکانیان زیاتر بە دواداچوون بکەن بۆ نرخی بەربوومەکان تاکوو نرخەکان جێگیر بکەن.