موراد قەرەیڵان: بۆ شەڕ و ئاشتی و چارەسەری سیاسی ئامادەین

قەرەیڵان: ڕەنگە نەورۆزی 2025 سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ ئازادی ئۆجەلان

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکە
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکە

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی نزیک لە پارتەکەی، پابەند بوونی ڕێکخستنەکانی پەکەکەی بە بانگەوازەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دووپات کردەوە و بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، بەڵام پێویستە حکوومەتی تورکیا دەرفەت بە ئۆجەلان بدات بۆ ئەوەی بتوانێت پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.

گوتیشی، ئەگەر تورکیا ئەوە نەکات، پرۆسەی چارەسەر بە بنبەست دەگات. سەبارەت بە لێدوانی وەزیری بەرگریی تورکیا کە ڕایگەیاندبوو "نابێت پەکەکە باسی ئاگربەست بکات و دەبێت دەستبەجێ خۆی هەڵوەشێنێت."  موراد قەرەیلان گوتی: ئەو جۆرە ڕەفتار و لێدوانانە گونجاو نین و دەبنە هۆی تێکدانی پرۆسەی چارەسەری و پێویستە تورکیا هەنگاوی پێویست بنێت. جەختیشی کردەوە، ئێمە بۆ هەر ئەگەرێکی شەڕ، ئاشتی و پرۆسەی چارەسەری ئامادەین.

هەروەها ڕایگەیاندووە "هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتەکانی دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان دەکەن و دەڵێت:  ڕەنگە نەورۆزی 2025 سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ ئازادیی ئۆجەلان و چارەسەری پرسی کورد".

سەبارەت بە هەنگاوی چەکدادانی پەکەکە، قەرەیلان دەڵێت: بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، پێویستە هەلومەرجێک بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان ئازاد بکرێت و چالاکانە بەشداریی پرۆسەکە بکات، چونکە چەکدانان، پرۆسەیەکە و تەنیا عەبدوڵلا ئۆجەلان دەتوانێت ڕێبەرایەتی بکات. هەروەها دەبێت دەوڵەت چاکسازی یاسایی بکات."