چین هەڕەشەی جددی لە ئەمەریكا دەكات
گرژی نێوانیان تا دێت زیاتر دەبێت
K24- هەولێر:
چین بەڵێنی دا، سزای تۆڵەسەندنەوە بەسەر بەرپرسان و دامەزراوە ئەمەریكییەكاندا دەسەپێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا یاسایێكی واژۆ كرد، كە بەگوێرەی ئەو یاسایە سزا بەسەر هەر بانكێكدا دەسەپێنرێت، كە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی چین بكەن.
لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی دەرەوەی چین دووپاتی كردەوە، "پلانەكانی ئەمەریكا بۆ درووستكردنی كۆسپ لەبەردەم جێبەجێ كردنی یاسای ئاسایشی نەتەوەیی لە هۆنگ كۆگ هەرگیز سەركەوتوو نابێت".
ئەمە دوای ئەوە هاتووە، پێشتر هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، یاسایێك و مەرسومێكی واژۆ كردووە، كە چین لەسەر كارەكانی لە هۆنگ كۆنگ سزا دەدات.
بەگوێرەی زانیارییە راگەیەندراوەكان، ئەو یاسایەی ئەمەریكا كە تایبەتە بە "دەسەڵاتی سەربەخۆیی لە هۆنگ كۆنگ"، لە سەرەتادا لە ئەنجوومەنی نوێنەران و كۆنگرێسی ئەمەریكا دەرچووە، دواتر بۆ سەرۆكی ئەمەریكا نێردراوە بۆ ئەوەی واژۆی بكات.
وەزارەتی دەرەوەی چین دووپاتی كردەوە، پێداچوونەوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو بەرپرس و كۆمپانیا بیانیانە دەكات، كە پاڵپشتی لە پێشێلكردنی راگەیاندنەكەی چینی بەریتانی لە ساڵی 1984 و ئەو یاسایەی سەرۆكی چین دەكەن، كە ناوچەی هۆنگ كۆنگ وەك ئیدارەیەكی تایبەت لەناو چین دەناسێنێت.
بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی چین رەخنە لەو یاسایەی ئەمەریكا دەگرێت و دەڵێت: "یاسای ئاسایشی نەتەوەیی هۆنگ كۆنگ بە خراپی دەشێوێنێت، هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر چیندا دەكات، بە شێوەیەكی مەترسیدار پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە بنچینەییەكان دەكات و دەستوەردانێكی زەقە لە كاروباری ناوخۆی هۆنگ كۆنگ و چین. حكومەتی چین بە توندی ئەم هەنگاوەی ئەمەریكا ئیدانە دەكات و لە دژی دەوەستێتەوە".
ئەمە لەكاتێكدایە، یاسای پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هۆنگ كۆنگ كە لە پەرلەمانی چینەوە دەرچووە، لە 30ی مانگی رابردووەوە كەوتووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە.
ئەم یاسایە كە كاردانەوەی واشتنی بەدوای خۆیدا هێنا، بنەماكانی مامەڵەكردن لەگەڵ 4 جۆر كردەوەی تاوانكاری لە هۆنگ كۆنگ دەستنیشان دەكات، ئەوانیش: چالاكی جیاخوازی، هەوڵەكانی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، چالاكی تیرۆریستی و پیلانگێڕی لەگەڵ وڵاتانی بیانی و هێزە دەرەكییەكان بە ئامانجی درووستكردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.
H.B