ئەنجوومەنی وەزیران زەمالەی خوێندن بۆ نۆ پسپۆڕیی لە کۆریای باشوور ڕادەگەیەنێت

ئەنجوومەنی وەزیران هەلی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بۆ قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، وەزارەتی خوێندنی باڵاش ڕایدەگەیەنێت،
بەپێی لێکگەیشتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی کۆریای باشوور، دەرفەتی خوێندن بۆ نۆ پسپۆڕیی بەردەست دەبێت، کە شەش پسپۆڕیی بۆ خوێندنی ماستەرە لە بوارەکانی سیاسەتی گشتی و بەڕێوەبردن و گەشەپێدان و داتا بۆ سیاسەتی گشتیی، سێ پسپۆڕییەکەی دیکەش لە بوارەکانی سیاسەتی گشتی و سیاسەتی پەرەپێدان و بەڕێوەبردنە، هەروەها مەرجەکانیش بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، جگە لە مەرجەکانی ئەو زانکۆیانەیە کە دەرفتەکەکانی بەردەستن.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەر زانکۆیەک مەرج و تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ پێشکەشکردن، هەروەها مەرجە گشتییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە دیاری کردووە، مەرجی کۆنمرەی بەکالۆریۆس بۆ خوێندنی ماستەر و هەروەها کۆنمرەی ماستەرە بۆ دکتۆرا."
گوتیشی: ئەگەر مامۆستا، یان فەرمانبەر داواکاری بۆ ئەو زەمالەیە پێشکەش کرد، پێویستە دوو ساڵ بەسەر دوایین بڕوانامەی دا تێپەڕ بوو بێت، هەروەها دەبێت مۆڵەتی خوێندن و لاری نەبوون لە دامەزراوەکەی خۆی وەربگرێت.
پێشکەشکردنی داواکاریی خوێندنی باڵا لە کۆریای باشوور، بە ئۆنلاینە و پێوستی بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە، ئەم دەرفەتانە چەند ساڵێکە بەردەستن، بۆ پێشخستنی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، گرنگن.
عەبدوڵڵا عومەر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی زانکۆی پۆلەتەکنیکیەکانی ھەولێر گوتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەرفەتی خوێندنی بۆ ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتی کۆریای باشوور ڕاگەیاندووە، ئاماژەی بەوەش دا، دەرفەتی دیکەش بەردەوامە لە وڵاتەکانی وەک ڕووسیا، تورکیا و هەنگاریا، ئەمەش دەرفەتی زیاتر بە فەرمانبەرانی وەزارەتەکان دەدات لەبواری زانستی و کولتووریدا پێش بکەون.