مەزڵوم عەبدی: هەڵوێست و تێڕوانی ئەنەکەسە و پەیەدە جێی دڵخۆشی بوو

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات

مەزوڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دەڵێت: کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و پەیەدە، هەنگاوی یەکەمی یەکڕیزی کوردە لە قۆناغێکی هەستیاردا.

سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە پەیامێکی(ئێکس)دا نووسیوویەتی: ئەمڕۆ هەردوو لایەنی کوردی پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش و یەکخستنی ڕیزی کوردی لە قۆناغی ئێستادا، بەیەکەوە کۆبوونەوە.

مەزڵوم عەبدی دەڵێت: هەڵوێست و تێڕوانی هەردوولایەن  جێی دڵخۆشی بوو، دەشڵێت: ئەمە هەنگاوی یەکەم بوو بۆ یەکڕیزی کورد بۆ پێکهێنانی سووریایەکی هەمەڕەنگ و دیموکرات کە مافی هەموو پێکهاتەکان تێیدا مسۆگەر بکرێت.

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات گوتی:  ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی دیالۆگ و گفتوگۆکان بەردەوام بن.

ئەو پەیامەی مەزڵوم عەبدی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە لەگەڵ شاندێکی پەیەدە کۆبووەوە کە فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی لەگەڵ نێردەی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە سکۆت پۆلز ئامادەی بوون.

بەپێی ڕاگەیاندراوی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، تێیدا باس لە دیدگای سیاسەتی هاوبەشی کوردی کرا سەبارەت بە سووریا، هاوکات بڕیاردراوە هەنگاوەکانی داهاتوو بەردەوام بن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕاگەیاندنی لە نزیکترین کاتدا.