کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کۆتایی هات.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی شاندی دانووستنکاری پارتی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: هەردوو وەفدی باڵای دانووستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ 18ـی ئاداری 2025، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامدا.
پشتیوان سادق نووسیوویەتی: لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتینە دواڕەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو کە دەبێتە ئامرازێک بۆ پێکهێنانی حکومەت و دامەزراوەکانی تر و باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان.
کۆتا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025، بوو، کە درێژکراوەی کۆبوونەوەی پێشووتر بوو کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو بوو، لە کۆبوونەوەکەداڕەشنووسێکی 15 لاپەڕە ئامادەکرابوو کە بنەما بێت بۆ کاری هاوبەش و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
