ئاسایشی هەولێر: دەست بەسەر سێ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دەستیان بەسەر سێ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە و دوو تۆمەتباریشیان لەسەر ئەو ماددە هۆشبەرە دەستگیر کردووە.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە، دوای بە دواداچوونی هێزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ،دوو تۆمەتباریان بەناوەکانی (ح ، أ ، ع) و ( ج ، ح ،خ ) دەستگیر کرد.
ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، یەکێک لە تۆمەتبارەکان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، لە کاتی دەستگیر کردنیاندا دەستیان بەسەر (سێ کیلۆ گرام) ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و مەریجوانەدا گرتووە کە بەشێوەی شاراوە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان حەشاریان دابوو تاکو دەربازی ناو شاری هەولێری بکەن.