فەرماندەیەکی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دیاریی کرا

کۆڵۆنێڵ تۆماس ریتەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بە ئەرکی هات و جێگرەوەی دیاریی کرا.

سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، کۆڵۆنێڵ تۆماس ریتەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بە ئەرکەکەی هات و کۆڵۆنێڵ کووپەری وەک جێگرەوە و فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی ناساند.

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاس و پێزانینی وەزارەتەکەی بە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا گەیاند و ستایشی ئەرک و ماندووبوونی ماوەی رابردووی کۆڵۆنێڵ تۆماس ریتەری کرد.

سەرۆک ئەرکان ئاماژەی بەوە کرد، هەماهەنگیی و هاوکارییەکانی ڕاوێژکارانی سەربازیی سوپای ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی پرۆسەی چاکسازی، بە تایبەت کە پاڵپشتییە لۆجستییەکانی تیمی سەربازیی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان کاریگەریی تایبەتی هەبووە لە گەشەسەندنی کەرتی تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی شەڕی داعشدا جگە لە مەشق و ڕاهێنان هاوکاری سەربازی، لە سێکتەری تەندروستیش هاوکار بوونە، ئەویش لە ڕێگەی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی گەورەی بە ناوی نەخۆشخانەی پێشمەرگە.