پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێ دەکرێت

پەرلەمانی عێراق، وێنە: ئەرشیف
پەرلەمانی عێراق، وێنە: ئەرشیف

سبەینێ بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و بەڕێوبەری بەشی ئابووری و هونەری لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێن.

سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عیراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەینێ لێژنەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەکردەوەی نەوتی کوردستان و دواین رێکارەکانی پرۆسەکە و گرفتەکانی نێوان وەزارەتی نەوت و ئەپیکور میوانداری شاندێکی وەزارەتی نەوت دەکات. 

گوتیشی: وەکو لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان، پرسیار لە شاندەکەی وەزارەتی نەوت دەکەین بزانین بۆچی پرۆسەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دواکەوتووە. 

بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24؛ شاندی وەزارەتی نەوت پێکدێن لە؛ بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و بەڕێوبەری بەشی ئابووری و هونەری لە وەزارەتی نەوت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە دوا کۆبوونەوەی نێوان، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)  نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست بوو.

بۆ چارەکردنی کێشەکان، بڕیار کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەنەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین بەو میکانیزمەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق دایناوە، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەنەوە، هۆکارەکەش کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی پێدانی شایستەکانیان دەکەن.