ترەمپ پەیامێك بە زمانی فارسی ئاراستەی ئێران دەكات

ترەمپ: ئەو بڕیارەی ئێران پەیامێكی خەمناكە بۆ هەموو جیهان

K24- هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری ئێران بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر 3 كەسدا بە تۆمەتی بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانەكانی مانگی نۆڤەمبەری رابردوو بە ناڕەوا وەسف كرد.

لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، ترەمپ پەیامێكی بە زمانی فارسی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران كرد و نووسیویەتی: "ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر 3 كەسدا سەپاند، بەهۆی بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانەكان. پێشبینی دەكرێت لە هەر ساتێكدا بێت بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت. بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو 3 كەسە پەیامێكی خەمناكە بۆ هەموو جیهان و پێویست ناكات جێبەجێ بكرێت".

 

 

ئەم پەیامەی ترەمپ دوای ئەوە هاتووە، دوێنێ دادگای ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر ئەو 3 كەسەدا سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكانی مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا كردووە لە دژی بەرزكردنەوەی نرخی سووتەمەن بۆ دوو ئەوەندە لە ئێران.

دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی 24 كاتژمێردا بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بۆ دوو ئەوەندە دا، دۆخی ئابووری خەڵكی ئێران ئەوەندەی دیكە سەختتر بوو و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە زیاتر لە 100 شاری ئەو وڵاتە دەستیان پێكرد و دەیان وێستگەی سووتەمەنی سووتینران و هێرش كرایە سەر چەندین بنكەی پۆلیس و ماركێت، لە بەرامبەریشدا حكومەتی ئێران هێڵی ئینتەرنێتی لەسەر هاووڵاتیان پچڕاند.

H.B