دەم پارتی داوای چوارەم دیداری ئۆجەلان دەکات

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داواکارییەکی پێشکەشی وەزارەتی دادیی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە زیندانی ئیمرالی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بکەن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بۆ ئەوە بەر لە جەژنی نەورۆز بتوانن جارێکی دیکە لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن، داواکارییەکیان پێشکەشی وەزارەتی داد کردووە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتەکە دەکەن، بۆ ئەوەی وادەی دیدارەکەیان بۆ ڕێکبخرێت.
باکرهان دەڵێت: بە پێویستی دەزانین شاندی ئیمراڵی جارێکی دیکە سەردانی ئۆجەلان بکاتەوە، بۆ ئەوەی بەر لە نەورۆز پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ جەماوەر بگات و هاووڵاتییان دڵخۆش بکات، هەربۆیە شاندەکەمان داواکارییەکی دیکەی پێشکەش کردووە، چونکە گەیاندنی نامە و پەیامەکان زیان بە هیچ کەسێک ناگەیەنێت، بەڵکو خزمەتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی دەشڵێت: ئومێد دەکەین شاندەکەمان پەیامێکی گرنگ لە ئۆجەلانەوە بگوازنەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە پرسیار و گومانەکان بهێنێت.
ئەگەر ئەمجارە، وەزارەتی دادی تورکیا ڕەزامەندی بدات، دەبێتە چوارەمین دیداری شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).