یەبەشە هەڕەشە لە سوپای عێراق دەکات و مۆڵەتی 24 کاتژمێر دەدات

یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە)، لەسەر دەستگیرکردنی پێنج چەکداریان لەلایەن پۆلیسی عێراق، هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕ دەکەن و مۆڵەتی 24 کاتژمێریان بە سوپا و پۆلیسی عێراق داوە بۆ ئەوەی چەکدارەکانیان ئازاد بکرێت.

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە ناوەندی شاری شنگال چەکدارانی یەبەشە کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن، لەگەڵ هێزەکانی سوپا و پۆلیسی عێراق ڕووبەڕوو بوونەوە و شەڕە تەقە لە نێوانیان ڕوویدا، بە هۆییەوە پێنج پۆلیسی فیدراڵی و سێ چەکداری یەبەشە برینداربوون. دواتر دۆخەکە هێور کرایەوە.

بەڵام درەنگانی شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە ئاڵۆزی لە نێوانیان سەری هەڵدایەوە و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی پێنج چەکداری یەبەشەیان دەستگیر کرد، ئێستا یەبەشە و پەکەکە هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕیان لە سوپا و پۆلیسی عێراقی کردووە، ئەگەر لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەو پێنج چەکدارەیان ئازاد نەکرێت.

لە بارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی شەوی ڕابردوو، میدیای فەرمی پەکەکە، بڵاوی کردووەتەوە، نزیک کاتژمێر 11:00ی شەوی ڕابردوو سوپای عێراق لە ناوەندی شنگال، هێرشیان کردووتە سەر ئۆتۆمبێلی چەکدارانی یەبەشە و ئاڵۆزی دروست بووە، لە ئەنجامدا سێ چەکداری یەبەشە برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دوای ئاڵۆزییەکانی شەوی ڕابردووەوە هێزەکانی عێراق و چەکدارانی سەر بە پەکەکە کەوتوونەتە ئامادەیی بۆ هەر حاڵەتێکی ڕووبەڕوو بوونەوە.