باڵیۆزی ئیتالیا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرز دەنرخێنێت

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد، هەروەها توماسۆ سانسۆنێ کونسوڵی گشتی ئیتالیا لە هەولێریش ئامادەی دیدارەکە بوو.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق و ناوچەکە و هەروەها بارودۆخی سووریا و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە کوردییەکان و حکوومەتی تازەی سووریا خرایە بەرباس و گفتوگۆ. هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە یارمەتیدان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە و دیالۆگ لە تورکیا بەرز نرخاند.
هەر لەو دیدارەدا هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پاییزی داهاتوو تاوتوێ کرا.
مەترسیەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
