فەرەنسا لە چەندین قۆناغ پشت و پەنای كورد بووە

مێژووی پەیوەندییەكانی فەرەنسا و ھەرێمی كوردستان

K24 - ھەولێر

لە کاتێکدا فەرەنسا بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا دادەنرێت و ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە، دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە چەندین قۆناغی مێژوویی پشت و پەنای کورد بووە، هەر لە سەرەتای شۆڕشەکانەوە تا دەگاتە کۆڕە و دواتر شەڕی داعش و کێشەکانی ئێستای نێوان هەولێر بەغدا.

پەیوەندیی لەمێژینەی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان بۆ سەردەمی شۆڕشه‌کانی کوردستان دەگەڕێتەوە، تادەگات بە ساڵی 1991، کە لەکاتی کۆڕەوی خەڵکی کوردستاندا، فەرەنسا رۆڵێکی كاریگه‌ری گێڕا له‌ دروستکردنی لۆبی بۆ کورد، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و گوشاریکرد، بۆ ئەوەی کورد لە عێراق بپارێزرێت، هاوکات، بڕیاری دژە فڕین لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دەرکرا و ناوچەیەکی ئارام بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دامه‌زرێنرا. ‏‎ دواتر لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە 1992، فەرەنسا لە پاڵپشتییەکانی بۆ کوردستان بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا کە فرانسوا میتران سەرۆکایەتی فەرەنسای دەکرد، پەیوەندیی دۆستانەی نێوان کورد و فەرەنسا زیاتر ریشەی داکوتا و گەرموگوڕتر بوو.

‏‎ساڵی 2014، کاتێک کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی داعش بووەوە، فەرەنسا جارێکی دیکە، به‌ سەرۆکایەتی فرانسوا ئۆلاند، بە هانای هەرێمی کوردستانەوە هات و هاوکاری چەک و تەقەمەنی و راوێژی سەربازی پێشکەش بە پێشمەرگە و گەلی کوردستان کرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی فڕۆکەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی له‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كاندا پشتیوانی هێزی پێشمه‌رگه‌بوون له‌ شه‌ڕی داعش.

لەکاتێکیشدا وا باوە سەرۆکی وڵاتان تەنیا سەردانی پایتەختەکان دەکەن، بەڵام ئۆلاند دووجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و هاوکات لە کۆشکی ئیلیزێش پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرد. ‏‎

لەگەڵ گۆڕانی سەرۆکەکان، دۆستایەتی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان نەگۆڕدرا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئێستا هاوشێوەی سەرۆکەکانی پێش خۆی، لەسەر پشتگیری و پشتیوانی له‌ مافەکانی گەلی کوردستان بەردەوامه‌.

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەریش، فەرەنسا هەوڵی نێوەندگیریی نێوان هەولێر و بەغدای دا و بانگهێشتی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ئەو کاتی هەرێمی کوردستانی بۆ پاریس کرد و دواتر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی ھەولێری کرد و و گەمارۆ سیاسیەکەی بەغدا لەسەر کوردستان تێکشکا.