هەیبەت حەلبووسی: هەفتەی داهاتوو هەناردەی نەوتی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە
سەرۆکی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئاماژەیان بە چەند وردەکارییەک کرد، بەپێی قسەی ئەوان هەفتەی داهاتوو دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێتەوە.
چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: کۆبوونەوەکەمان لەبارەی هەمواری یاسای بودجە بوو، تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، هەفتەی داهاتووش لەگەڵ شاندەکە کۆدەبینەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەمڕۆ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئاماژەیان بە چەند وردەکارییەک کرد، بەپێی قسەی ئەوان هەفتەی داهاتوو دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێتەوە.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عیراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەینێ لێژنەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەکردەوەی نەوتی کوردستان و دوایین رێکارەکانی پرۆسەکە و گرفتەکانی نێوان وەزارەتی نەوت و ئەپیکور میوانداری شاندێکی وەزارەتی نەوت دەکات.
گوتیشی: وەکو لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان، پرسیار لە شاندەکەی وەزارەتی نەوت دەکەین بزانین بۆچی پرۆسەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دواکەوتووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە دوا کۆبوونەوەی نێوان، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست بوو.