نەهرۆ ڕواندزی: شاندێکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆ دەبێتەوە

هەفتەی داهاتوو، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ دەکاتەوە و جێگری سەرۆکی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆ دەبێتەوە.

چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، نەهرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم،  شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆ دەبێتەوە و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نەماوە.

جێگری سەرۆکی لێژنەی نەوت و گاز، باسی لەوەش کرد، دەبێت نرخی سووتەمەنییەکان هاوتا بکرێت و پێشبێنی دەکرێت لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دابەزێت.
نەهرۆ ڕواندزی، ئاماژەی بەوە کرد: تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە و هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەماوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: کۆبوونەوەکەمان لەبارەی هەمواری یاسای بودجە بوو، تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، هەفتەی داهاتووش لەگەڵ شاندەکە کۆ دەبینەوە.