ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاکیپۆشین نەورۆزی ئەمساڵ شکۆدارتر دەکات

لە 100 ساڵی ڕابردوودا سەرباری ئەوەی حکوومەتی ئێران زۆر بەربەستی بۆ ڕێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆز و کردنەوەی ئاگر وەک هێمای خەباتی ڕزگاریخوازی و سەرکەوتنی ڕووناکی و ئازادی بەسەر تاریکی و ستەمدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە، بەڵام هەموو ساڵێک ئاگری نەورۆز کراوەتەوە، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگەی مەدەنیی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕێکخراو جەژنەکەیان بەڕێوە بردووە و ئەمساڵیش جلوبەرگی خاکی و جامانە کرا بە هێمای یەکگرتوویی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ناوی نەورۆزی ''خاکیپۆشان'' بەڕێوە چوو.
جەژنی نەورۆز دوای دابەشبوونی کوردستان لە 100 ساڵی ڕابردوودا لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە هێما و تایبەتمەندییە گشتیی و تایبەتییەکانییەوە بەڕێوە چووە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەرچەند لە سەردەمی جیاجیادا ڕێگە لە جێبەجێکردنی هێما تایبەتەکانی گیراوە، بەڵام قەت ساڵێک نەبووە ئاگری نەورۆز نەکرێتەوە.
یەکەم ڕێوڕەسمی ئازاد و بەشکۆی نەورۆز، لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە نەورۆزی 1946 بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆککۆماری کوردستان و جەنراڵ مستەفا بارزانی، لە مەهاباد، پاتەختی کۆمار بەڕێوە چوو. دوای ئەوە، حکوومەتی ئێران ڕێگەی نەداوە خەڵکی کوردستان بە هێما و نەریتە تایبەتەکانی خۆیان جەژنەکە بەڕێوە ببەن. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هەوڵ و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی، خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی جیاجیا ڕێوڕەسمی واتاداریان بەڕێوە بردووە.
ئەمساڵیش بە پۆشینی جلوبەرگی خاکی و جامانە، وەک هێمای جلوبەرگی خەبات و بەرخودانی کوردستان، لە ئیلامەوە تا ورمێ، شارەکانی ڕۆژهەڵات ڕێوڕەسمی بەشکۆی نەورۆزیان بەڕێوە برد؛ لە دەوری ئاگر، وەک هێمای ڕزگاری و سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر ژێردەستی و تاریکیدا، بە یەگرتوویی دەستیان لێک هەڵپێکا و سروودی نیشتمانییان خوێندەوە.
لە ماوەی بیست ڕۆژی ڕابردوودا لە زۆربەی شار و گوندەکانی باکوور تا باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ماکۆی پارێزگای ورمێ تا ئاودانانی پارێزگای ئیلام، ئەم کەرنەڤاڵە جەماوەرییانە بە بەشداریی دەیان هەزار کەس بەڕێوە چوون و دیمەنێکی بێوێنەیان لە یەکگرتوویی و یەکدەنگیی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نمایش کرد.